ئینستیتیوتی بڕیاری کوردستان

ئینستیتیوتی بڕیاری کوردستان

ئینستیتیوتێکی سەربەخۆیە، کار لەسەر بڕیاری کوردستانی دەکات لە بڕیارە هەنووکەییەکانەوە تا دەگاتە مافی بڕیاردانی چارەنووس: کێ دروستی دەکات، چۆن دروست دەکرێت، و بۆچی تا ئێستا ئامادە نییە.

بۆچی هەین

کورد بە درێژایی سەدەیەک شەڕی زۆری بردۆتەوە و جەنگە گەورەکانی دۆڕاندوە. پارادۆکسەکە لەوەدایە کە کەموکوڕییەکە نە لە ئازایەتیدا بووە، نە لەو خوێنەی ڕژاوە، بەڵکو لە چوارچێوەکەدا بووە. دامەزراوەیەکمان نەبووە ئەزموون کەڵەکە بکات، بۆیە دوای هەر شکستێک لە سفرەوە دەستمان پێدەکردۆتەوە. بیردۆزێکی ستراتیژیشمان نەبووە لە حسابی ساتەکە تێپەڕێت، و لەوەش خراپتر، هەرگیز بڕیارێکی یەکگرتوو لە هەر چوار پارچەکەوە دەرنەچووە. لە هەر شوێنێکیش بڕیاری ئێمە ئامادە نەبووبێت، بڕیاری ئەوانی تر ئامادە بووە.

ئێمە بۆ ئەوە هەین کە کار لەسەر پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە بکەین، نەک شینی بۆ بگێڕین.

ڕوو لە کێ دەکەین

کار لەسەر دوو چەمکی لێکبەستراو دەکەین، کە یەکێکیان ئەوی تر ناسڕێتەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی هەندێک وا دەزانن:

گەلی کوردستان: هەموو دانیشتووانی، لە کورد و ئاشووری و تورکمان و ئەرمەنی و عەرەب و ئێزیدی و کلدانی و ئەوانی تر، وەک هاوبەشی یەکسان لە هاونیشتمانیبوون و چارەنووسدا.

کورد: یەک گەلە، لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە دیاسپۆرای ئەوروپا و ئەمریکا، و لە کۆمەڵگا کوردییە کۆنەکاندا، لە پاکستانەوە تا سودان و کازاخستان.

یەکەمیان لەسەر خاک و هاوبەشی بنیات نراوە، دووەمیان لەسەر پەیوەندیی نەتەوەیی، و هەردووکیان بابەتی کارمانن.

چی دەکەین

توێژینەوەی بنەڕەتی لە چەمک و بیردۆزدا، و توێژینەوەی سیاسەت لە پرسە هەنووکەییەکاندا، و ڕاپۆرتی ستراتیژی و کتێب بڵاو دەکەینەوە، خولی ڕاهێنان و پرۆگرامیش ساز دەکەین بۆ ئامادەکردنی کادری شارەزا لە بیرکردنەوەی ستراتیژی و دروستکردنی بڕیاردا، و دەستپێشخەری بۆ خزمەتی دۆزی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا دەخەینە گەڕ. بە کوردی بە هەردوو زاراوەکەی، و بە ئینگلیزی و عەرەبی دەنووسین.

سەربەخۆیی ئێمە

لە هەموو پارتێک و دەوڵەتێک سەربەخۆین، بەڵام بێلایەن نین؛ سەربەخۆیی لای ئێمە ئەوەیە کە کەس هەڵوێستمان بەسەردا نەسەپێنێت، نەک ئەوەی لە دۆزەکەمان و لە نەیارەکانی بە یەک ئەندازە دوور بین. هەڵوێستەکانیشمان تەنیا لە تێگەیشتن و ئەنجامی کاری خۆمان و بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد و کوردستانی مەزن و ئاسایشی نەتەوەییمانەوە سەرچاوە دەگرن.